شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: ساقی لەو بادە خومار ئەشکێنێ

ساقی لەو بادە خومار ئەشکێنێ
ڕیشەی وەسواسەی خەم لە بن دێنێ

بمدەرێ جامێ بە یادی جاران
بەڵکو بە نەشئەی دڵ پێکەنێنێ

***

بێ دا بنیشین تاوێ بە دڵی شاد
لە سەر لێوی شەت شارەکەی بەغداد

وەک فیلم یەک یەک بیخەنە پێش چاو
مێژووی ڕابوردوو هەر چی ها لە یاد

***

ئەو شەتەی ساف و ڕەوان ئەڕواتۆ
ئەو مەوجەی بە شەوق لە ڕووت ئەداتۆ

گشت بە سەرهاتی بەغدا ڕا ئەخا
پەروێز و جەمشید ئە بیر ئەخاتۆ

***

دەبدەبەی ڕۆژی شادێکەی شیرین
دەخاتە پێش چاو پیاوی وردبین

دەڵێت ڕۆژی وا نەبوە و نابێتۆ
شیرین بە بووکی هات بۆ مەدائین

***

زۆر باش بڕوانە ئاوی ئەو شەتە
هەر چەندە سافە، بەڵام خەت خەتە

ئەگەر بیزانی بیخوێنیتەوە
ئەزانی دونیا چەن بێ قیمەتە

***

چونکە ئەم جێگە تۆ میوانێتی
ئەم شەتەی کە تۆ لە لیوانێتی

جێگەی هاروونە وا تیادای تۆ
بەزمی مەئموونە لە سەیرانێتی

***

ئای چەن شەهەنشای ساحب سوپا و سان
هاتن و چوون و من هەر مام وەک خۆم

نووسراوە ئەڵێت، کوانێ موعتەسەم
کوا ئالی بەرمەک، کوانێ موعتەسەم

***

هەتا تێفکریت جوان لێی تێ ئەگەی
هەر کەس چۆن تێی هات هەر بەو ڕەنگە ڕۆی

نە هیچیان هێنا نە کەس هیچی برد
شەت و سەیرانگا، خاک ماوە وەک خۆی

***

بەڵام ئەو کەسەی کە بەختیار بوو
لە پووچی دونیا باش خەوەردار بوو

کردەی خاوەنی و جوانی جێ هێڵا
نە کەس ئازاری و نە کەس ئازار بوو